بە بۆنەی ڕووداوەکانی ڤەنزوێلا... هەموو شتێک لەپێناو بەرژەوەندیدا
خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی "مامە سام چی دەوێت؟"
مەسعوودی مەلا هەمزە
نوام چۆمسکی زمانناس و فەیلەسووف و سیاسەتمەداری ئەمریکی، جیا لەبوای زمانناسی هەمیشە خاوەن دیدو سەرنج و تێڕوانینی خۆی بووەو سەرنجەکانی بوونەتە مایەی گفتوگۆی جیاواز، چۆمسکی رەخنەی توند لە سیاسەتی ئەمریکا دەگرێت و لای وایە ئەمریکا هەموو شت دەکات لەپێناو خۆی، مرۆڤایەتی و دیموکراسی دەکاتە قوربانی خۆی و لەژێر پەردەی بەرژەوەندییەکانی خۆی پشتیوانی یان دژایەتی وڵاتان دەکات.
مامە سام چی دەوێت؟
ئەم کتێبەی چۆمسکی (what uncle SAM really wants) بە زمانی ئینگلیزی چاپ کراوەو لەلایەن سەنگەر حەسەن نەجم وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و دەزگای فام چاپی کردووە، بە خوێندنەوەی ناوەرۆکە پڕ لە بەڵگەو نموونەکانی ئەم کتێبە دیوی ناوەوەی زۆربەی رووداوەکانی جیهانت بۆ دەردەکەوێت، کە چۆن ئەمریکا لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی خەریکی یاری سیاسییە، لە کتێبەکەدا نووسەر باسی لە رووداوەکانی وڵاتانی ئەمریکای لاتین و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشی عێراق بۆ سەر کوەیت و چەندان رووداوی دیکەی گرنگ و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتان دەکات.
لەم کتێبەدا نوام چۆمسکی لەژێر (٢٧) ناونیشانی جیاوازدا بابەتەکانی نووسیوەو سەرجەمیان پڕن لە بابەتی بەپێز و گێڕانەوەی رووداوی سەیر، کە بەشێکیان بۆ خوێنەر شۆکهێنەرن، بەتایبەتی کە نووسەری ئەم کتێبە پێی وایە دیموکراسی و مافی مرۆڤ و سەروەری وڵاتان و ئازادی تاک و ناڕەزایەتیی گروپ ئەگەر دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بێت هیچ سوودێکی نییە، تەنانەت نووسەری کتێبەکە پێی وایە ئەگەر سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان دیکتاتۆرو خوێنمژیش بن تەنها لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی یەکبگرنەوە ئەوا نابێتە کێشەو چاوپۆشی لە کارە خراپ و دڕندانەییەکانی و تەنانەت گەندەڵیەکانیشی دەکرێت، خۆ ئەگەر بە پێچەوانەوە بێت ئەوا بێگومان وڵاتەکەو سەرکردەکە دەکەونە مەترسییەوە.
هەرچی دەکەی بیکە
بە خوێندنەوەی بەشە جیاوازەکانی ئەم کتێبە مرۆڤ دەگاتە کۆمەڵێک راستی زۆر تاڵ، لە گرنگترینیان لەوەدا خۆی دەبینێتەوە هەرکەس لەگەڵ بەرژەوەندی زلهێزەکان نەهاتەوە لەناودەچێ و دژی دەوەستنەوە.
نووسەر پێشمان دەڵێت دیموکراسی و مافی مرۆڤ دوو دەستەواژەی درۆن، لەبەرئەوەی لە کات و ساتی حوکمڕانیدا هەرچی دەکەیت بیکە تەنها دژی بەرژەوەندی زلهێزەکان مەبە ئەوکات رەش سپی دەبێ و سپی هەر خۆی رەشە، لە بەرامبەردا ئەگەر دۆستی زلهێزەکان بوویت و بەرژەوەندییەکانی ئەوانت پاراست ئەوا لەم کاتەدا وڵاتێکی گرنگی و داکۆکیت لێ دەکەن و تەنانەت پێویستت بەهێزیش بێت بۆت دەنێرن و دەتپارێزن.
کۆنترۆڵکردنی هەموو شتێک
لەم کتێبەدا کە نووسەر مەبەستی لە (مامە سام uncle SAM) مەبەستی ئەمریکایە بەوردی باسی ئەوەمان بۆ دەکات کە ئەمریکا چۆن هەموو شتێکی کۆنترۆلکردووەو لەبەرژەوەندی خۆی بەکاری دەهێنێت، نووسەر میدیاکان بە نموونە دەهێنێتەوە کە چۆن کۆنترۆڵ کراون و هەر بابەتێک لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیان یەک نەگرێتەوە هەرچەندە گەورەش بێت باسی ناکەن و خۆیانی لە قەرە نادەن، بە پێچەوانەوەش.
هەروەک نووسەر باسی هەریەک لە (بانکی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ….) دەکات و ئەوە دەخاتەڕوو کە چۆن زلهێزەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان دێنن و زۆرجار دەبنە کارتی فشار بەدەست زلهێزەکان و لەدژی وڵاتانی نەیار بەکاردەهێنرێن، تەنانەت زلهێزەکان ئامادەن بەشداری کارا بکەن لە تواندنەوەی بزووتنەوە جەماوەرییەکان و کپ کردنەوەی دەنگە نارازییەکانیان.
گۆڕان لە دۆستەوە بۆ دوژمن
بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە دەبینە شاهێدی گۆڕانی چەندین هەڵوێستی لە ناکاوی ئەمریکا بەرامبەر وڵاتان، باشترین نموونەیان نووسەر باسی سەدام حسێن و رژێمی عێراق دەکات، سەرەڕای ئەوەی ئەو رژێمە دیکتاتۆرو خوێنمژ بوو، دەستی لە هیچ شتێک و هیچ کەسێک نەپاراست، کەچی ئەمریکییەکان بە خەیاڵیشیان دانەدەهات و دۆستی نزیکی بوون و سەدامیش پیاوێکی باش بوو، بەڵام کاتێک لە پڕ عێراق هێرشی کردە سەر کوێت و داگیری کرد، لە پڕێکدا لە دۆستی نزیکەوە بووە دوژمنی راستەقینە، نووسەر هۆکاری ئەم خێرا گۆڕانەی هەڵوێستی ئەمریکا دەبەستێتەوە بەوەی کە سەدام حسێژ دەستی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بردو هێڵی سووری تێپەڕاند، هەربۆیە دژی وەستانەوەو تا رووخاندنی نەوەستان، ئەمەش دەرخەری قسەکانی نووسەرە، لە هەڵەیەک و وەستانەوە دژی بەرژەوەندی زلهێزەکان باجەکەی قوڕسەو تا رووخاندن دەڕوات، بەڵام دەیان ساڵ دڕندەیی و ئازاردانی میللەتەکەی خۆت و کەمکردنەوەی پانتایی ئازادییەکان کاریگەرییان نییە.
تیۆری سێوی بۆگەن
لەم کتێبەدا نووسەر بەوردی باس لە تیۆری سێوی گەنیو دەکات، ئەمە دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی (دین ئاچیسۆندا) کە ئەوکات پلاندانەرانی وەزارەتی دەرەوە رایان وابوو (تەنها یەک سێوی بۆگەن دەتوانێت تەواوی سێوەکانی ناو بەرمیلەکە (سندوقەکە) بۆگەن بکات) دیارە مەبەست لەمە زیاتر کۆمەڵایەتی و سیاسییەو بە مانای ئەوەی ئەگەر لە کۆمەڵگایەک دەنگی ناڕەزایی پەیدابوو دژی بەرژەوەندییەکانی ئەگەر زوو سێوە بۆگەنە لەناو نەبەیت ئەوا هەموو سێوەکانی دیکە لەناودەچن، ئەمەش بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و زلهێزەکان بۆتە بناغەیەکی باشی تیۆری و لە هەر وڵاتێکدا هەست بەم مەترسییە بکەن هاوکاری رژێم و دەسەڵاتەکەی دەکەن بۆ لەناوبردنی دەنگە ناڕازییەکان و تەشەنەسەندنی.
بەکورتی ئەگەر دەتەوێ بە کورتی و پوختی تێبگەی ئەوە چی بوو لە فەنزوێلا روویدا یان لە رابردوودا لە وڵاتانی تر روویداوە بێ شک ئەم کتێبە بخوێننەوە.
مەسعوودی مەلا هەمزە.
تۆش دەتوانیت ( لینكی كتێب )